گەڕان

بگەڕێ بە ناو 497737 هەواڵ و بابەتدا، لە زیاتر لە 43 سەرچاوەوە.

پاراسیتۆڵ هۆکارە بۆ ژەهراوی بوونی جگەر و لەکار کەوتنی

دەرمانی ئازار شکێنی پاراسیتۆڵ(پاراسیتامۆڵ) یەکێکە لە هەرە دەرمانە باوەکان کە زۆربەی کات بەکاردەهێنرێت بەبێ گوێدانە کاریگەرییە نەرێنییەکانی، لەبەر ئەوەی دەرمانەکە هەرزانە و بەدەستهێنانی ئاسانە و زۆربەی کات بە دەرمانێکی بێزیان ناودەبرێت و لەکاتی دووگیانیشدا دەدرێت بە ئافرەتان خەڵکانێکی زۆر ئەم دەرمانە دەخۆن بەبێ گەڕانەوە بۆ پزیشک و چارەسەر کردنی کێشە سەرەکییەکەی ئازارەکە، چەندین ساڵە پزیشکان و زانایان هۆشیاری بڵاو دەکەنەوە لەبارەی زۆر وەرگرتنی پاراسیتۆڵ و کاریگەرییە لاوەکی و درێژخایەنەکانی ئەم دەرمانە لەبەر ئەوەی دەرمانەکە لەلایەن جگەرەوە دەمژرێت زیانێکی زۆر بە جگەر دەگەیەنێت ئەگەر زیادەڕۆیی لە وەرگرتنیدا بکرێت.

پاراسیتۆڵ لەلایەن جگەرەوە دەمژرێت و کار دەکاتە سەر خانە چالاکەکانی جگەر و ژەهراوی بوون و تێکشاندنیان و دواتر مردنی ئەو خانانە کە لە نەخۆشییەکانی هەوکردنی جگەری ڤایرۆسی، بە مۆم بوونی جگەر و شێرپەنجەی جگەردا دەردەکەوێت، بەڵام ناتوانرێت بسەلمێنرێت کە دەرکەوتنی ئەم نەخۆشیانە تەنها بەندە بە وەرگرتنی ئەم ئازار شکێنەوە.

پاراسیتۆڵ یەکێکە لەو ئازارشکێنانەی بۆ ئازاری کەم و مام ناوەند و دابەزاندنی تا لە گەورەو مناڵدا بەکاردەهێنرێت، زۆرترین قورچک کە ڕێگە پێدراوە لە ٢٤ کاتژمێردا نابێت تێبپەڕێنرێت، زیادەڕۆیی لە وەرگرتنی پاراسیتۆڵ هۆکاری سەرەکییە بۆ وەستانی جگەر.

ئەو کەسانەی تەمەنیان لە سەروو ١٨ ساڵەوەیە ئەتوانن ١ یان ٢ حەبی(٥٠٠ مغ) پاراسیتۆڵ وەربگرن هەموو ٤ بۆ ٦ کاتژمێرێک لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا، کەواتە لەماوەی ٢٤ کاتژمێردا نابێت لە ٨ حەبی (٥٠٠مغ) زیاتر وەربگیرێت. 

بۆ کەسانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ کە ئەتوانن حەب وەربگرن ئەبێت بەپێی کێش و تەمەنیان کە پزیشک دیاری دەکات یان لەسەر پاکەتی حەبەکە دیاری دەکرێت.

  ئەو منداڵانەی کە ناتوانن حەب وەربگرن لەبەر بچوکی تەمەنیان بە شێوەی شروب بە سرنج یان بە کەوچک پێی کێش و تەمەنیان پێیان دەدرێت لە ژێر چاودێری پزیشکدا.

نەشتەرگەری چاندنەوەی جگەر یەکێکە لە چارەسەرە فریاگوزارییەکان کە ئەبێت بە زووترین کات بۆ ئە کەسانە بکرێت کە جگەرییان لەکار کەوتووە، لە ئەوروپا ٪٢٠ ئەو کەسانەی ئەم نەشتەرگەرییە دەکەن بە هۆی زۆر وەرگرتنی دەرمانی ئازار شکێنی پاراسیتۆڵەوەیە کە جگەرییانی پەکخستوەو  کارناکات بەڵام ڕێژەکە وڵات بۆ وڵاتێکیتر ئەگۆڕێت بۆ نمونە لە ئەرلەندا ڕێژەکە ٪٥٢ لە وڵاتی بەریتانیاش ٪٢٨.