هەڵە تێگەیشتنەکان دەربارەی لەبەرکردن یان لەبەرنەکردنی ستیان لای خانمان
زۆر ڕاپۆرتی دژ بەیەک هەیە لەسەر باشی و خراپی یان سوود و زیانەکانی لەبەرکردنی ستیان لە خانماندا، هەندێک لەم ڕاپۆرتانە بە بەڵگەی زانستی پاڵپشت دەکرێن بەڵام هەندێکیان هەروەک داستان و ئەفسانە دەمێننەوە، لێرەدا باسی چەند بەڵگەیەکی زانستی دەکەین لەسەر سوود و زیانەکانی لەبەرکەردنی ستیان و کاریگەرییەکانی لەسەر تەندرووستی جەستەی خانمان.
ئەو ڕاپۆرتانەی کە وەک ئەفسانە سەیر دەکرێن لە بارەی لەبەر نەکردنی ستیان:
١. لەبەرنەکردنی ستیان سنگ و مەمکی خانمان شۆڕ دەکاتەوە چونکە ستیان پاڵپشتی مەمک دەکات، ئەمە هەڵە تێگەیشتنێکە کە زۆربەی کچانی هەرزەکار تێدەگەیەنرێت تا ستیان لەبەر بکەن، لە ڕاستیدا شۆر بوونەوەی مەمک پەیوەندی بە هەندێک فاکتەریترەوە هەیە وەک بۆ ماوەیی، چوونە تەمەن و پیر بوون، هەروەها دابەزاندنی کێش و قەڵەو بوون هۆکارن بۆ شۆڕبوونی مەمک لە خانماندا.
٢. لەبەرنەکردنی ستیان لە شێرپەنجەی مەمک دەمانپارێزێت، ئەم هەڵە تێگەشتنە لەوەوە هاتووە کە گومان دەکرێت ستیان ڕێگری لە لیمفە گرێکان دەکات بۆ دەرکردنی پاشماوەو ژەهرەکانی ناو جەستە، کۆبوونەوەی ئەم مادانەش هۆکاری مەترسیدارن بۆ درووست بوونی خانەی شێرپەنجەیی، هیچ بەڵگەیەکی زانستی نییە لەسەر ئەم بابەتە.
ڕەنگە ئەم بۆچونە لەوەوە هاتبێ کە ئەو کەسانەی قەڵەون و مەمکیان گەورەیە زۆربەی کاتەکان ستیان لەبەر دەکەن و شێرپەنجەیان توش دەبێت بەڵام زانراوە کە قەڵەوی و کێشی زیادە هۆکاری مەترسیدارن بۆ توش بوون بە شێرپەنجە نەک لەبە کردنی ستیان.
لەبەرکردنی ستیان یان هەر جلێکی تەسک لە شەودا هۆکارە بۆ تێکچوونی سوڕی خەو لە هەموو کەسێکدا، زاناکان ئەوەیان سەلماندووە کە فشاری جلی تەسک ئبێتە هۆی بەرز بوونەوەی پلەی گەرمی جەستە و کەم بوونەوەی میلاتۆنین. میلاتۆنین ئەو هۆرمۆنەیە کە یارمەتیدەرە لە ڕێکخستنەوەی سووڕی خەو و جۆری خەوەکە.
لەبەرکردنی ستیان بە ڕۆژ هیچ بەڵگەیەکی لەسەر نییە کە خراپ بێتبۆ تەندروستی، بەڵام لەبەر کردنی ستیانی تەسک کە قەبارەکەی نەگونجاو بەێت بۆ خانمەکە هۆکارە بۆ ئازاری مل و ماسولکەکانی سنگ، ئەو لاستیکەی بە ستیانەکەوەیە لەسەر شان دەوەستێت ئەگەر زۆر تەسک بکرێتەوە دەبێتە هۆی ئازار لە شاندا و شوێنەوار جێدەهێڵێت لەسەر شانەکە بەپێی کات.
لەبەرکردنی ستیانی وەرزشی: ئەو خانمانەی بەبێ ستیان وەرزش دەکەن یان بە ستیانێکی قەبارە هەڵەوە وەرزش دەکەن لەوانەیە توشی کێسە ببنەوە لە کاتی وەرزشدا و نەتوانن بە تەواوی وەرزشەکان ئەنجام بدەن، ئەمانەش چەند هۆکارێکی هەیە وەک شەرمکردن لە جوڵەی مەمک لە کاتی وەرزش کردن، درووست بوونی ئازاری مەمک لە کاتی ئەنجامدانی وەرزشەکاندا یان بەکارهێنانی ستیانێکی وەرزشی کە قەبارەکەی نەگونجاوە.
دوو بۆچونی دژ بەیەک هەیە لەسەر بەکارهێنانی ستیانی وەرزشی، یەکێکیان پاڵپشتی لەبەرکردنی ستیانی وەرزشی دەکات لە کاتی ڕاکردندا بۆ کەم کردنەوەی ئازار بە تایبەت لەو کەسانەی کە قەبارەی مەمکیان گەورەیە، بۆجونەکەیتر پێشنیار دەکات کە خانمان لە کاتی وەرزشدا ستیان بەکار نەهێنن چونکە وەرزش مەمک توند دەکاتەوەو ستیان ریگری لەو توند بوونەوەیە دەکات، هەردوو بۆچونەکە تا ئێستا نەسەلمێندراون.
لە کۆتاییدا ئەوەی گرنگە بزانرێت ئەوەیە کە هۆکاری شۆڕبونی مەمک ستیان نییە بڵکو ئەم هۆکارانەیە:
- چوونە تەمەن و پیر بوون
- بۆماوەیی
- گۆڕانکاری لە کێش و قەڵەوی کەسەکە
- سکپڕی
- گۆڕانکاری لە هۆرمۆنەکاندا