قژ هەڵوەرین لە کاتی چارەسەری شێرپەنجە

لە کاتی چارەسەری نەخۆشی شێرپەنجەدا کۆمەڵە دەرمانێک بەکار دەهێنرێن کە بە چارەسەری کیمیایی ناسراون، چارەسەری کیمیایی کۆمەڵێک دەرمانی بەهێزن کە بە خێراییەکی زۆر هێرش دەکەنە سەر خانە شێرپەنجەییەکان، لە هەمان کاتدا هێرش دەکەنە سەر ئەو خانانەی کە بە خێرایی گەشە دەکەن و شێرپەنجەیی نین لە نێویاندا خانەی ڕەگی مووەکان.
چارەسەری کیمیایی هۆکارە بۆ وەرینی مووی هەموو جەستە نەک تەنها سەر(قژ) لەوانەیە موی دەموچاو (برۆ، برژانگ)، بن باڵ، هەروەها شوێنە هەستیارەکان، هەندێک جۆری چارەسەری کیمیایی زیاتر لەوانیتر دەبێتە هۆی وەرینی موو، هەروەها بەپێی دۆزی دەرمانەکان وەرینی موەکان دەگۆڕێ لە تەنک بوونەوە یان یان وەرینی تەواوەتی، ئەم وەرینە کاتییە و دوای ٣ بۆ ٦ مانگ چاوەڕێی هاتنەوەی مووەکان دەکرێت.
لە هەفتەی دووەم بۆ چوارەمی وەرگرتنی چارەسەری کیمیایی مووەکان دەست دەکەن بە وەرین، هەندێک کات بە تۆپەڵ و خێرایی دەوەرێت هەندێک کاتیتر بە هێواشی، لە دوای هەستان لە خەو قژ و مووەکان بە سەر جێگاکەوە بە ئاسانی دەردەکەون بە ڕێژەیەکی نا ئاسایی، لە کاتی شانەکردنی قژدا یان لە کاتی خۆشۆردن قژەکان زیاتر دەوەرن و دەبینرێن، ئەم حاڵەتە بە درێژایی وەرگرتنی چارەسەرە کیمیاییەکان بەردەوام دەبێت، هەتا ٤ هەفتە دوای کۆتایی هاتنی جارەسەرەکان. ئەم ئاڵەتە دەروونی نەخۆش تێکدەدات و زۆربەی نەخۆشەکان بە ناخۆشترین کاریگەری لاوەکی ناوی دەبن لە کاتی وەرگرتنی چارەسەر.
چەند هەفتەیەک دوای کۆتایی هاتنی چارەسەری کیمیایی مووی نەخۆشەکە دەست دەکاتەوە بە گەشە کردن بەڵام ئەم قژە نوێیە جیاوازی هەیە لە قژی ڕاستەقینەی نەخۆشەکە، لەوانەیە قژەکە لولتربێت لە قژی پێشووتری نەخۆشەکە یان ڕەنگەکەی جیاوازە بە زۆری ڕەنگەکەی ڕەساسیە بەهۆی ئەوەی خانەکانی میلانین کە ڕەنگ دەدەن بە قژەکە بە تەواوی چالاک نەبونەتەوە.
بۆچوونەکان (0)
تکایە سەرەتا بچۆ ژورەوە، پاشان دەتوانی سەرنجەکەت بنوسیت. چوونەژوورەوە