چۆن توانیم سوود لە ژیری دەستکرد وەربگرم بۆ ئەپڵیکەیشنی ئەمڕۆ

چۆن توانیم سوود لە ژیری دەستکرد وەربگرم بۆ ئەپڵیکەیشنی ئەمڕۆ

ئەپڵیکەیشنی ئەمڕۆ سەرەتا وەک خولیایەک دەستیپێکرد یان باشتر بڵێم وەک ڕکابەرییەک (چالێنج) لەگەڵ خۆما کە دەمویست ئەپڵیکەیشنێکی مۆبایل دروستبکەم. سەرەتا ئەپڵیکەیشنەکە زۆر سادە بوو ڕۆژانە ئەو هەواڵانەی کە دەهاتە بەرچاوم بەلامەوە گرنگ بوو بە دەستی دەمخستە ناو ئەپەکەوە لە ڕێی داشبۆردێکی وێبەوەوە هەواڵەکەم دادەناو ڕاستەخۆ لەسەر ئەپڵیکەیشنەکە پیشانی بەکارهێنەر دەدرا.

دوای بڵاوکردنەوەی ئەپڵیکەیشنەکە لەسەر پلاتفۆرمەکانی گووگڵ و ئەپڵ و دابەزاندنیان لەلایەن خەڵکەوە، فریای داخوازی بەکارهێنەر نەدەکەوتم و هەواڵەکان خاو بوون و خۆشم کەمتر سەرم دەپەرژا هەواڵەکان دابنێم.

هەربۆیە هەنگاوی دواتر دروستکردنی جاڵجاڵۆکەیەکی ئەلکترۆنی بوو (Spider, Crawler) بۆ خێراکردنی پڕۆسەکە. جاڵجاڵۆکەکە هەموو سەری کاژێرێک خۆکارانە دەستی دەکرد بە کار و دەگەڕا بە ناو کۆمەڵێک وێبسایتی دیاریکراوداو هەر هەواڵێکی نوێی تێدا بوایە وەریدەگرت و دەیخستە ناو ئەپڵیکەیشنەکەوە.

هەر لەسەرەتاوە بەو ئامانجە کارم دەکرد کە تەنها هەواڵی ئەو ماڵپەڕانە وەربگرم کە ئاستی یان کوالیتی هەواڵەکانیان بابەتین و خۆم دەیانخوێنمەوە وەک ماڵپەڕەکانی (ڕووداو، خەندان، کوردسات، نەوا) و چەند ماڵپەڕێکی تر.

لە پاڵ ئەوەشدا بەردەوام گۆڕانکاریم لە دیزاینی ئەپەکەو زیادکردنی خزمەتگوزاری نوێدا دەکرد.

دواتر یەکێک لە بیرۆکەکان ئەوە بوو کە پۆلێن بۆ هەواڵەکان بکەم و لەسەر ئەپڵیکەیشنەکە بەشەکان بۆ خوێنەر جیا بکەمەوەو خوێنەر بە خواستی خۆی خولیای چ هەواڵێکە (وەرزش، ئابووری، سیاسی) ئەو هەواڵانە بخوێنێتەوە.

بۆ پۆلێن کردنی هەواڵەکان سەرەتا پێویست بوو هەر هەواڵێک ووشە بە ووشەی جیا بکەمەوەو داتابەیسێکی گەورەم لە ووشەی کوردی دروستکرد وە زیاتر ڕووناکیم خستە سەر ئەو ووشانەی کە زۆر دووبارە دەبونەوە وەک ووشەکانی (کوردستان، هەولێر، سلێمانی، مووچە، نرخی دۆلار و ناوی کەسایەتییە سیاسییە ناوخۆییەکان و جیهانییەکان و چەندەها ووشەی تر)، لە بەرامبەردا چەند پۆلێنێکم دروستکرد وەک (کوردستانی، ئابوری، وەرزشی، جیهانی و چەن پۆلێنێکی تر) کە لە پەنجەکانی دەست تێپەڕیان نەدەکرد، وە هەر یەکێک لەو ووشانەم دەکردە ناو یەکێک لە پۆلێنەکانەوە و ڕۆژانە نوێم دکردەوە.

دواتر هەر هەواڵێکی نوێ دەهاتە ناو سێرڤەرەکەوە یان داتابەیسەکەمەوە ئالگۆریزمێکم بۆ نوسیبوو ئەو ئالگۆریزمە بە پشتبەستن بە داتابەیسی ووشەکان بڕیاری دەدا کە ئەم هەواڵە لە چ پۆلێنێکدا خۆی دەبینێتەوەو ڕۆژانەش لەژێر چاودێری بەردەوامی خۆمدا ئەگەر هەڵەی بکردایە ڕاستم دەکردەوەو بۆ جاری داهاتووش ئەو هەڵەیەی نەدەکردەوە.

دوای ساڵێک لە دروستکردنی داتابەیسی ووشەکان، داتابەیسەکە ئەوەندە گەورە بوو کە لە کۆنتڕۆل دەرچوو و وەک نەهەنگێکی شینی لێ هات تا کار گەیشتە ئەوەی ئالگۆریزمەکە پێویستی بە ووزەی زیاتری وەک پڕۆسێسەرو ڕام هەبوو بۆ ئەوەی بەراوردی هەواڵەکان بکات بەرامبەر ووشەکان و بۆ هەر ووشەیەکیش لە چ پۆلێنێکدایە، تەنانەت ئالگۆریزمەکە ئەوەندە زیرەک ببو کە دەیتوانی بڕیار بدات کە هەواڵێک بۆ زیاتر لە یەک پۆلێن ببێت، بەڵام لە بەرامبەردا چیتر سوودی لێوەرنەدەگیرا چونکە تەواو پڕۆسەکە خاو ببۆوە و کاتێکی زۆری پێویست بوو وە پێویستی بە ووەی زیاتر بوو کە لە توانای گیرفانی مندا نەمابوو. هەربۆیە پڕۆژەی بە پۆلێن کردنەکەم ڕاگرت و دووبارە ئەپڵیکەیشنەکەم بە ناچاری سادە کردەوە.

ئەگەر سەرنج بدەی چۆنێتی دابەشکردنی هەواڵەکان بەسەر پۆلێنەکاندا لە ڕێگەی ئالگۆریزم یان پڕۆگرامینگەەوە دەکرا، کە ئەمەش هۆکار بوو بۆ ئەوەی کە پێویستی بەو هەموو ووزەیە بێت. بە واتایەکی تر ژیری دەستکرد نەبوو، ئەتوانین بڵێین کە فێربونی ئامێر (machine learning) بوو چونکە خۆم ڕۆژانە سەرپەرشتیم دەکرد و فێرم دەکرد کە چ ووشەیەک بۆ چ پۆلێنێک دەبێت. بەڵام مۆدێلێکی ئامادەکراو نەبوو! بەو مانایەی دەبوایە هەموو جارێک بە ناو داتابەیسەکەدا بگەڕایە بۆ پۆلێن کردنی هەواڵەکە کە ئەمەش ووزەیەکی زۆری دەویست.

بەرنامەیەکی دوورترم دانا کە سوود لە پۆلێنەکانی سەرچاوە فەرمییەکان خۆیان وەربگرم وەک ماڵپەڕی ڕووداو کە زۆربەی هەواڵەکانیان پۆلێن کراوە. هەر بۆیە لە کاتی وەرگرتنی هەواڵەکان لە جاڵجاڵۆکەکەم پۆلێنەکەشم وەردەگرت لەگەڵ چەند ماڵپەڕێکی تر، بە داخەوە هەموو ماڵپەڕەکان هەواڵەکانیان پۆلێنیان لەگەڵ نییە.

دەستم کرد بە گەڕان و خوێندنەوە لەسەر پۆلێن کردن لەڕێی ژیری دەستکردەوە، بۆ ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ دەستم دەبرد بۆ هەو ئامڕازێکی (فێربوونی ئامێر) پشگیری زمانی کوردی یان یونیکۆدی نەدەکرد یان کۆن بوون.

لەپاڵ گەڕان و خوێندنەوەی زۆر لەولاشەوە داتابەیسەکەم دەوڵەمەندتر دەبوو بەو هەواڵانەی کە پۆلێن دەکران، کە پۆلێنێکی خۆڕسک بوون و لەڕێی مرۆڤەوە لەسەرچاوە سەرەکییەوە دانرابوون.

دوای چەندین هەوڵی بەردەوام، مانگی ڕابردوو لە کۆتاییدا توانیم مۆدێلێکی ژیری دەستکرد دروستبکەم کە بتوانێت بە ووزەیەکی کەم بڕیار بدات لە پۆلێن کردنی هەواڵەکان بە ڕێژەی دروستی لە %87. کە ئەمەش ڕێژەیەکی باشەو پێویستییەکەم پڕ دەکاتەوە لە ئێستادا وە دووبارە ئەپڵیکەیشنەکە نوێکرایەوەو هەواڵەکانم بە پۆلێن کراوی خستەوە بەردەستی خوێنەر. بەڵام سەرەڕای ئەوەش بەردەوام نوێی دەکەمەوەو ئەیگەیەنمە ئاستێکی بەرزتر.

لێرەوە دەتوانیت مۆدێلەکە تاقیبکەیتەوە.

پێشنیار کردن

بەوەوە نەوەستام، مێشکم داوای زیاتری دەکرد چونکە زیاتر لە بابەتەکان تێگەیشتبووم، هەر بۆیە بڕیارمدا کە فیدێک یان لیستی هەواڵ دروستبکەم لەسەر خواستی خوێنەر (Recommendation). کە ئەمەش خۆی بۆ خۆی ڕکابەرییەکی زیاتر بوو دووبارە بەهۆی کێشەی زمانی کوردی و یونیکۆدەوە بەڵام کورد ووتەنی فێری سەنعاتەکە ببوم و توانیم ئەوەش بەجێبگەیەنم و ئێستا ئەپڵیکەیشنی ئەمڕۆ لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا لە خوێنەرەوە فێر دەبێت کە زیاتر خولیای چ جۆرە هەواڵێکەو پێشنیاری ئەو هەواڵانەی بۆ دەکات کە نزیکن لە خولیای ئەوەوە، بە نزیکی وەک فەیسبووک و گووگڵ نیوس.

هەنگاوی داهاتوو

ئەوەی ئێستا سەرم بۆی دەخورێت دۆزینەوەو دیاریکردن یان لابردنی ئەو هەواڵانەیە لەبەر چاوی خوێنەر کە بە هەواڵی ساختە (scam, clickbait) ناسراون یان ناونیشانی ئەو هەواڵانەی کە سەرنجڕاکێشن بەڵام کاتێک کلیکیان لێدەکەیت ناوەڕۆکەکەی جیاوازە. ڕاستە ئەپڵیکەیشنی ئەمڕۆ لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردووداو هەر لە سەرەتاوە بە بەرپرسیارییەوە کاری کردووەو تەنیا هەواڵی ئەو سەرچاوانە یان ماڵپەرانە کۆدەکاتەوە کە باوەڕی وایە هەواڵی بەپێزن. بەڵام هەندێک جار ئەو سەرچاوانەش هەواڵی ساختەیان تێدا دەردەچێت و دەچێتە لیستی هەواڵەکانی خوێنەرەوە. هەربۆیە ئامانجی داهاتووم شەڕکردنە لە دژی ئەو جۆرە هەواڵانەو پاککردنەوەیانە لە ئەپڵیکەیشنی ئەمڕۆدا.

هەوڵ ئەدەم لە بابەتێکی تردا بچمە ووردەکاری تەکنیکی چۆنێتی دروستکردنی مۆدێلی پۆلێنکردنی هەواڵەکان. 

دەتوانیت لە خوارەوە سەرنج یان پرسیارەکەت بنوسیت، منیش هەوڵئەدەم وەڵامت بدەمەوە.

سەرنجەکان (0)