دابەشکردنی کات چییە؟ Time Blocking

دابەشکردنی کات چییە؟ Time Blocking

#دابەشکردنی #کات #چییە #Time #Blocking

هەفتەی ڕابردوو دووەم ڕۆژی جەژن بڕیارمدا کە لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە دەستبکەم بە وەرزشکردن و کاتی بۆ تەرخان بکەم، ڕۆژێکی تەواوم تەرخانکرد تەنها بۆ دابەشکردنی کاتەکانم لەسەر گووگڵ کالێندەر لەگەڵ نوسینەوەی کۆرسی وەرزشەکەم لەسەر ئەپڵیکەیشنی نۆشن (Notion). دواتر بڕیارمدا کۆی ڕۆژەکەم بنوسمەوە کاتەکان دابەشبکەم بۆ ئەوەی کەمترین کات بەفیڕۆ بدەم لە سۆشیال میدیا، بۆیە بڕیارمدا کە کاتی کارکردن و کاتی خوێندنەوەو کاتی نوسینیش دیاری بکەم و بڕیارمدا پابەند بم بە کاتەکانەوەو هەریەکەی لە کاتی خۆیدا بکەم و هیچ بیانویەکیش نەهێنمەوە بۆ نەکردنیان.

دوای پشووەکانی جەژن و دەستپێکردنەوەی کار، لە دەستپێکی بەیانییەوە دەستم کرد بەسەیرکردنی گووگڵ کالێندەرەکەم و دەمزانی بۆ هەر کاژێرێک پێویستە چی بکەم وە کەی پشوو بدەم، بە کاتەکانەوە پابەند بووم و وەرزشم کرد پاشان کارەکانم جێبەجێ کرد و سەری کاژێرەکان پشووم وەردەگرت وە جار جار لە پشووە ٥ خولەکییەکانمدا سەیری سۆشیال میدیام دەکرد. دواتر لە کاتی کتێب خوێندنەوەکەمدا بەهۆی ئەوەی کارەکانم تەواو کردبوو وە سەرقاڵیم نەمابوو دەستم کرد بە کتێب خوێندنەوە بێ ئەوەی خەیاڵم لای هیچ بێت سوودی تەواوم لە کتێبەکەی بەردەستم وەرگرت. دواتر و لە کاژێرەکانی دواتردا ئەو کاتەی بۆ نوسینیشم تەرخان کردبوو وەک خۆی جێبەجێکرا.

ئەوەی سەرنج ڕاکێش بوو دوانیوەڕۆی ئەو ڕۆژە لە ناو ئوتومبیلەکەدا ئەپڵیکەیشنی پۆدکاستەکەم چۆیە سەر دواین ئەڵقەی زنجیرەی (Deep questions) کە پۆدکاستەکە تەرخانکرابوو بۆ دابەشکردنی کات یان (Time Blocking). من وەک خۆم پێشتر زۆر سوودم لە گووگڵ کالێندەر بینیوە بەڵام نەمزانیبوو کە شتێک هەیە بە ناوی (Time Blocking). کە دەقاودەق ئەو کارە یان بەرنامەیە بوو کە هەفتەی ڕابردوو بۆ کاتەکانم دانابوو.

دابەشکردنی کات (Time Blocking) چییە؟

دابەشکردنی کات بریتییە لە دیاریکردنی سەرتاپای کاتەکانی ڕۆژەکەت بۆ کارەکانت، بەڵێ سەرتاپای کاتەکانی ڕۆژەکەت، دابەشکردنی کات، کارەکانی هەفتەکەت بۆ بچووک دەکاتەوە بۆ بەش بەشی بچووک، بە شێوەیەک ئەتوانیت فریای کارەکانت بکەویت سەیری نامەکانت بکەیت پشوو وەرگریت یان وەرزش بکەیت.

دابەشکردنی کات وات لێدەکات وێنەیەکی تەواوی ڕۆژەکەت لەبەرچاو بێت و سوود لە کاتەکانت وەرگریت و لە کۆتایی ڕۆژەکەدا هەست بەوە نەکەیت کە هیچ شتێکت ئەنجام نەداوەو کاتەکانت بە خەسار چووە. بەڵکو بە پێچەوانەوە لە کۆتای ڕۆژەکەتا شانازی بە ڕۆژەکەت و کارەکانتەوە دەکەیت.

ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام لە پۆدکاستەکەدا ئەوەبوو کە بەهۆی ئەوەی کە تۆ کات تەرخان دەکەیت بۆ کارێکی دیاریکراو لە ڕۆژەکەتا لە کاتی جێبەجێکردنی ئەو کارەدا لەو کاتەدا ڕاڕاییت نامێنێت و سەیری مۆبایلەکەت ناکەیت چونکە تۆ جگە لەوەی کاتی کارکردنت دیاریکردووە، کاتی پشووشت دیاریکردووە، پێش ئەوەی دەستبکەیت بە کارەکەت دەزانیت کەی پشوو وەردەگریت وسەیری مۆبایلەکەت دەکەیت. وە بەهۆی ئەوەی کاتی پشووەکەشت دیاریکراوە کاتێکی زۆر بە مۆبایلەکەتەوە ناکوژیت.

کاتێک تۆ کاتەکانت دابەشدەکەیت چیتر ئەو شەڕو بەرەنگاربونەوەیە لە مێشکتدا نامێنێت، ئایا سەیری مۆبایلەکەم بکەم یان نا، نامەم بۆ هاتووە یان فڵان کەس چی داناوە لە سۆشیال میدیا. یان باشە ئێستا پشوو وەرگرم یان دواتر. هەموو ئەم شەڕانە لە مێشکتدا کە کاتێکی زۆر دەکوژن و دەستت دەگرن نامێنێت، چونکە تۆ وێنەی ڕۆژەکەت لەبەرچاوەو دەزانیت کەی کاتی پشووەو کەی کاتی سەیرکردنی مۆبایلە. دەزانیت ئەو کاتەی کە تیایدای کاتی چییە.

چۆن دەستپێدەکەیت

سەرەتا زۆر گرنگە لەوە تێبگەیت کە دابەشکردنی کارەکانت دەبێت بنوسرێتەوە لە شوێنێکدا، وەک دەفتەری تێبینییەکانت یان باشتر ئەپڵیکەیشنی ڕۆژژمێرەکەت لەسەر مۆبایلەکەت جا ئەپڵ بێت یان گووگڵ گرنگ نییە، بەڵام من خۆم ڕۆژژمێرەکەی گووگڵ بەکاردێنم و کارئاسانی زۆری تیایە،

لەکاتی دیاریکردنی کاتێکدا لە ناو ڕۆژژمێری گووگڵەکەتدا دوو هەڵبژاردەت هەیە.

Event

  1. بۆ دیاریکردنی کاتێک بەکاردێت لە ڕۆژەکەتدا بۆ کارێکی دیاریکراو. (زۆرتر ئەمە بەکاردێنین).
  2. نموونە وەک (چاوپێکەوتن، سەردانی دکتۆر، کۆبونەوەی کار، یان وانەی خوێندن).
  3. بۆ کارێک بەکاردێت کە کاتی سەرەتاو کۆتایی هەبێت یان دیاریکرابێت، وە لە ڕۆژژمێرەکەشتدا درێژی ئەو ماوەیەت وەک بلۆکێک بە ڕەنگێکی تایبەت بۆ دیاریدەکات. بەو مانایەی ئەو کاتەت تەرخانکراوە تەنها بۆ ئەو کارە.

Task

  1. بۆدیاریکردنی کات بەکارنایەت، بەڵکو بۆ جێبەجێکردنی کارێک بەکاردێت.
  2. نموونە وەک (کڕینی پێداویستی ماڵ، وەڵامدانەوەی نامەو ئیمەیڵ و تەلەفونات.
  3. ڕۆژی جێبەجێکردنیان بۆ دیاریکراوە، کاتی سەرەتاو کۆتاییان نییە، لە ناو ڕۆژژمێرەکەتدا دەمێنێتەوە هەتا جێبەجێ دەکرێت.

سەرەتا بە دەستپێکی ڕۆژەکەت دەستپێبکە (ئەمە تەنها نمونەیەو لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت)، بۆ نمونە کاژێر ٧ی بەیانی بۆ ٨ تەرخان بکە بۆ خۆشۆردن و نان خواردن و خۆئامادەکردن بۆ کار.

دواتر ٨ی بەیانی بۆ ٨:٣٠ یان ٩: تەرخانبکە بۆ هاتووچۆ تا دەگەیتە شوێنی کارەکەت.

٩ی بەیانی با بڵێین ئەگەر ئەو کاتە کارەکەت دەستپێدەکات، تا ٩:٥٠ی بەیانی تەرخان بکە بۆ تەواوکردنی کارە تەواو نەکراوەکانی ڕۆژی ڕابردوو.

٩:٥٠ خولەکی بەیانی بۆ ١٠ تەرخان بکە بۆ پشوو، دەتوانیت هەموو ١٠ خولەکی کۆتای کاژێرەکان تەرخان بکەیت بۆ پشوو، هەربۆیە دووبارەی ناکەمەوە.

پاشان ١٠ی بەیانی دەستبکە بە کارە نوێکانت کە پێت ڕاسپێردراوە تا کۆتایی کارەکەت لەگەڵ پشووە ١٠ خولەکییەکانتدا.

دواتر ئەگەر کاژێر ٣ یان ٤ یان ٥ تەواو دەبیت، کاژێرێک یان نیو کاژێر تەرخان بکە بۆ گەڕانەوە ماڵەوە.

دواتر دەتوانیت لەو کاتانەی کە دەمێنێتەوە کاتێک تەرخان بکەی بۆ وەرزش کردن. کاژێرێکیش بۆ کات بەسەربردن.

ئەوەی سەرنجڕاکێشە لە توێژینەوەکاندا دەرکەوتووە کە زۆربەی خەڵک ڕۆژانەو لە ٪٣٥ی کاتەکانیان بەفیڕۆ دەڕوات و نازانن چۆن بەکاریانهێناو، جا ئەم توێژینەوەیە لە ووڵاتێکی وەک ئەمریکادا کراوە کە بەشی زۆر خەڵک لە کەرتی تایبەتدا کار دەکەن و بە ئەستەم دەتوانن لە کاتی کاردا مۆبایل بەکاربێنن، یان بەهۆی زۆری کاتەکانی کارکردنیانەوە زۆر بە ئەستەم کات بۆ خۆیان دەمێنێتەوەو وە بە هۆی ئەوەی ژیانی ئەوان زیاتر ژیانێکی کارکردنەو خۆیان لە هەموو کارەکانی ماڵیشدا بەشدارن وەک خواردن دروستکردن و ماڵ پاککردنەوە بەراورد بە ئێمە کاتیان زۆر کەمە سەرەڕای ئەوەش توێژینەوەکانیان دەڵێن لە سەدا ٪٣٥ی کاتەکانیان بە هەدەر دەڕوا. ئەگەر ئەم جیاوازییانەی سەرەوە بەراورد بکەین بە گەنجی خۆمان دەبێت گەنجێکی خۆمان چەنێک کاتی بەفیڕۆ بڕوات، هەڵبەت ڕێژەکە زۆر لەوە زیاترە.

سوودەکانی دابەشکردنی کات

  1. بەبێ دابەشکردنی کات بە بێ ئاگایی خۆت لەیەک کاتدا هەوڵ ئەدەیت چەند کارێک بکەیت کە هەم مێشکت هیلاک دەکات، هەم وەک کورد دەڵێت: دوای دوو کەروێشک بکەویت هیچیانت بۆ ناگیرێت. لەبەرئەوە بە ئەگەری زۆرەوە کارەکانیشت بە باشی ئەنجام نادەیت.
  2. مێشکت چڕ دەکاتەوە لەسەر یەک کار لە یەک کاتدا
  3. وێنەیەکی گشتی ڕۆژەکەت و کاتەکانت لەبەرچاوە
  4. لە کۆتایی ڕۆژەکەتدا دەزانیت کاتەکانت بە چییەوە بەسەربردووە
  5. هیلاکی کەمتر لەسەر مێشک

چۆن کاتەکانم دابەش بکەم

  1. ئەو کارانە دیاری بکە کە دەبێت ئەنجامیان بدەیت لە ڕۆژەکەداسەرەتا ئەو کارانە دیاری بکە کە پێویستە لە ڕۆژەکەدا ئەنجامیان بدەیت بە هەموو جۆرەکانیەوە ئەو کارانەی کە لەسەر کار پێت ڕادەسپێرن، دواتر کارەکانی ماڵ، کارە تایبەتەکانت.
  2. ئەو کاتانە بدۆزەرەوە کە ئەزانیت توانای کارکردنت زۆرە یان باشەهەموو کەسێک چەند کاتێکی هەیە لە ڕۆژەکەدا کە دەزانێت کە لەو کاتەدا توانای زۆری هەیەو دەتوانێت زۆرترین کاری تیا ئەنجام بدات. هەڵبەت هەرکەسەو بە شێوەیەکە هەیە بەیانیان باشە وە هەشمانە بە پێچەوانەوە بەیانیان هیچ کارێکی پێ ناکرێت، هەمان نیوەڕوان ووزەی هەیە هەشە دوانیوەڕۆ. ئەوەی گرنگە بیدۆزیتەوە ئەو کاتە کام کاتەیە کە تۆ ووزەی باشت پێیەو دەتوانیت کارەکان ڕاپەڕێنیت، دواتر ئە کارانەی کە گرنگن یان کەمێک گرانن بیخەیتە ئەو کاتانەوە.
  3. ئاستی گرنگی کارەکان جیابکەرەوەهەموو کارێک جیاوازە لە کارێکی تر هەر یەکەو گرنگی خۆی هەیە بۆ ژیانت، لەسەر ئەو بنەمایە کارەکان دابەش بکە بۆ (زۆر گرنگ، گرنگ). بۆ نمونە کارەکانی ئەو شوێنەی کە کاری لێ دەکەیت یان ئەگەر کاری خۆت هەیە زۆر گرنگە چونکە بژێوی ژیانتی پێوە بەستراوەتەوە لەبەر ئەوە ئەو کاتەی لەسەر کاریت پێویستە کارەکانی شوێنی کارەکەت جێبەجێ بکەیت نەک کاری تر. کتێب خوێندنەوە گرنگە چونکە ڕۆشنبیریت زیاد دەکات کە پێویستە بۆ گەشەسەندنی ژیانی تایبەتیت وە ژیانی کارەکەت بەڵام پێویستە دوای کارەکەت کاتی بۆ تەرخان بکەیت یان لە پشووەکانتدا. کارەکانی ماڵ گرنگن بەڵام کارەکانی خێزان گرنگترن بەڵام ئەم کارانە پێویستە دوای کاتی کارە سەرەکییەکەت کاتیان بۆ تەرخان بکەیت.
  4. کاتی تایبەت بە خۆت دیاری بکەتۆ کار دەکەیت و ماندوو ئەبیت بۆ ئەوەی ژیانت خۆش بکەیت، هەر بۆیە زۆر گرنگە کاتی تایبەت بە خۆت و خێزانەکەت دیاری بکەیت لە ڕۆژژمێرەکەتدا چونکە ئەگەر ئەو کاتە تایبەتانە دیاری نەکەیت هەستێکت بۆ دروستدەبێت کە تۆ وەک ڕۆبۆتێک وایت و تەنیا کار دەکەیت بەڵام کە کاتی تایبەت بە خۆت دیاریکرد ئەو کاتە هەست بەوە دەکەیت کە خۆشت بەشێکی گرنگی لە کاتەکانت.
  5. بەشی گۆڕانکاری و شتە لەناکاوەکان بهێڵەرەوەپێویستە کاتەکانت بەشی ئەوە توانای گۆڕانکاری تیابێت کە شتێکی لەناکاو ڕویدا توانای گۆڕانکاریت هەبێت، ئەمە بەو مانایە نایەت کە کاتێک شتێکی ئامادە نەکراو دێتە ناو کارەکانتەوە ڕاستەوخۆ دەستکاری ڕۆژژمێرەکەت بکەیت، بەڵکو بەو مانایە دێت ئەوەت لەبەر چاو بێت کە ئەو کاتەی ئێستا بۆ کارە لەناکاوەکەت تەرخان کردووە دواتر لە کاتێکی تردا لە هەمان ڕۆژدا بگەڕێیتەوە سەری و کارەکە تەواو بکەیت.
  6. پلان دابنێ بۆ کاتە لەدەستچووەکانتتەنانەت ئەو کەسانەی چەندان ساڵە لەسەر ئەم سیستمە کار دەکەن کاتەکانیان لەدەست دەردەچێت لە هەندێک رۆژدا کاتێک بەڕێوەبەرەکەیان لەپڕ بانگی دەکات یان تەلەفونێکی زۆر گرنگی بۆ دێت کە ناتوانیت وەڵامی نەدەیتەوە (بیرت بێت دەبێت کاتەکانی وەڵامدانەوەی تەلەفوون و نامە پێویستە دیاری بکرێت یان لە کاتەکانی پشوودا بکرێت)، ئەمانە هەمووی کار دەکەنە سەر دابەشکردنی کاتەکەت و گۆڕانکاری دروستدەکەن لە کاتەکانتدا، هەربۆیە گرنگە کە بزانیت جۆن ئەو کاتە لەدەستچووانەت دووبارە زیندوو دەکەیتەوە لەناو ڕۆژژمێرەکەتدا. ئەم تەکنیکە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت و بەپێی کات کەسەکان خۆیان چارەسەرێکی گونجاوی بۆ دەدۆزنەوە.
  7. پێداچوونەوە بە کاتەکانتدا بکەرەوەلە کۆتایی ڕۆژەکەتدا بێداچوونەوە کە کاتەکانتدا بکەو بەپێی پێویست گۆڕانکاری تێدا بکە بەو شێوەیەی کە گونجاوترینە بۆت، چونکە مەرج نییە ئەو کاتانەی سەرەتا داتناون و بەرنامەت بۆ داناون وەک پێویست بەڕێوەچووبێت، هەڵەکان دیاری بکەو گۆڕانکاری لە کاتەکانتدا بکە بەو شێوەیەی کە گونجاوە.

ئەگەر سەرنجێک یان پرسیارێکتان هەیە لە خوارەوە بینوسن بە پێی توانا وەڵامتان دەدەمەوە.

سەرچاوەکان:

Ep. 305: Is Time Blocking Oppressive? - The Deep Life by Cal Newport

7 Tips to Start Time Blocking Today [2024] • Asana

سەرنجەکان (0)