هەستەوەرەکانی کاتژمێری زیرەک بۆچی بەسوودن؟

هەستەوەرەکانی کاتژمێری زیرەک بۆچی بەسوودن؟

کاتژمێرە زیرەکەکان چەندین هەستەوەری گرنگیان تێدایە، بەڵام ئایا ئێمە کارکردنی هەموو ئەو جۆرە هەستەوەرانە دەزانین؟ ئەزانین سودیان چییە؟

گۆڕانکاری لە جیهانی مۆبایلە کیپادەکانەوە بۆ جیهانی مۆبایلە زیرەکەکان گەشتێکی دورودرێژبوو، ئێستاش لە سەردەمی گۆڕینی کاتژمێرە ئەنالۆگ یان دیجیتاڵییەکانمان بە کاتژمێرە زیرەکەکان، تاڕادەیەک سەرنجی زۆرێکی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە چونکە ئەم کاتژمێرە زیرەکانە هەستەوەریان تێدایە کە یارمەتیدەرن بۆ بەردەوامبوونی پشکنینی تەندروستی خۆت و پاڵنەرێکە بۆ ئەنجامدانی چالاکییە جەستەییەکان.سەرەڕای ئەمانەش ئەم کاتژمێرە زیرەکانە تەنێک تایبەتمەندی دیکەش پێشکەش دەکەن، بەڵام لە بابەتەکەی ئەمڕۆدا، سەرنج دەخەینە سەر ئەوەی کە هەستەوەرەکانی ناو کاتژمێرە زیرەکەکان چ کارێک پێشکەش دەکەن.

١- خێراییپێوەر (Accelerometer)

 ئەو جۆرە هەستەوەرانەن کە یارمەتیت دەدەن بەدواداچوون بۆ جوڵەکانی جەستەت بکەیت بەپێی ژمارەی ئەو هەنگاوانەی کە بەدرێژایی ڕۆژەکەت ناوتە. هەروەها دەتوانن بەدواداچوون بۆ شێوازی خەوتنت بکەن و دواتر تێڕوانینێکتان پێدەبەخشن بۆ ڕێگاکانی باشترکردنی خەوێکی تەندروست.

هەستەوەرێکی لەم جۆرە بڕی ئەو بەرگرییە دەپێوێت کە پێستت دەیبەخشێت بە دۆزی کەمی کارەبا کە کاتژمێرە زیرەکەکە بەسەر پێستتدا دەینێرێت بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ شێوازی خەوتن، لێدانی دڵ، ئاستی H20 لە جەستەتدا بکات.

٢- ژیرۆسکۆپ(Gyroscope)

ژیرۆسکۆپ هەستەوەرێکە لەسەر کاتژمێرە زیرەکەکەت کە کۆمەڵێک ئەلگۆریتم هەیە کە دەتوانێت بە خێرایی بزانێت کەی مەچەکت دەجوڵێنیت بۆ ئەوەی چاوێک بە کاتژمێرە زیرەکەکەتدا بخشێنیتەوە. ئەم هەستەوەرە کاتێک مەچەکت دەجوڵێنیت شاشەکەت دادەگیرسێنێت.

هەروەها ئەم هەستەوەرە یارمەتیدەرە لە پاشەکەوتکردنی پاتری کاتژمێرە زیرەکەکەت کاتێک هیچ جۆرە جوڵەیەک بۆ ماوەیەکی زۆر نییە، چونکە لەم جۆرە بارودۆخانەدا شاشەکە دەکوژێنێتەوە.

٣- موگناتیسپێوەر (Magnetometer)

 ئەم هەستەوەرە لە کاتژمێرە زیرەکەکەتدا دەتوانێت یارمەتیت بدات بۆ بەدواداچوونی جوڵەکانت و ئەو ئاراستەیەی کە تێیدا وەستاویت.

٤- هەستەوەری پەستانی بارۆمێتری (Barometric Pressure Sensor)

ئەم هەستەوەرە بۆ ئەو هۆکارە هەیە کە دەتوانێت بزانێت کە تۆ لە چ بەرزاییەکدایت، ئەمەش زانیارییەکی گرنگە بۆ کەسێک کە شاخەوانی دەکات، پاسکیلسواری لەسەر ناوچە گردەکییەکان ئەنجام دەدات یان ڕاکەرێک ڕاکردنەکەی لەسەر ڕێگایەکی بەرز ئەنجام دەدات.

٥- هەستەوەری پلەی گەرمی دەوروبەر (Ambient Temperature Sensor)

ئەم هەستەوەرە لە کاتژمێری زیرەکدا یارمەتیدەرە لە زانینی پلەی گەرمی جەستەت. هەستەوەرێکی لەو جۆرە کاتێک زیاتر بەکاردێت کە دەتەوێت بزانیت پلەی گەرمی لەشت چەندە دوای ڕاهێنانێکی وەرزشی.

٦- چاودێری لێدانی دڵ (Heart Rate Monitor)

وەک لە ناوەکەوە دەردەکەوێت، هەستەوەرەکە بەدواداچوون بۆ ژمارەی لێدانەکانی دڵت دەکات. ئەم هەستەوەرە لە ڕێگەی مەچەکتەوە بەدواداچوونی بۆ دەکات و بە ماوەیەکی کەم پشکنینەکەی دەکات و لە ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی هەر لێدانی دڵێکی نائاسایی ئاگادارت دەکاتەوە. تەنانەت کاتژمێرە ئاست بەرزەکان پەیوەندییە فریاگوزاریەکان ئاگادار دەکەنەوەبۆ خێرا گەیشتنە سەرت لە کاتی نەخوازراودا.

٧- هەستەوەری ئۆکسیمێتری (Oximetry Sensor)

ئەم هەستەوەرە لە کاتژمێری زیرەکدا دەتوانێت ئاستی ئۆکسجین لە خوێندا بزانێت. هەستەوەرێکی یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی بەکارهێنەری کاتژمێرە زیرەکەکان ڕێژەی ئۆکسجینی دروست بزانێت لە لەشدا.

٨- هەستەوەری پلەی گەرمی پێست (Skin Temperature Sensor)

ئەم هەستەوەرە لە کاتژمێرە زیرەکەکەتدا یارمەتیت دەدات کاتێک پلەی گەرمی جەستەت بەرز دەبێتەوە وە کام چالاکییە دەبێتە هۆی ئەو کارە. لە بنەڕەتدا ڕێگەت پێدەدات تێبگەیت کە چۆن وەرزشکردنی زۆر ڕەنگە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی گشتی جەستەت و کەی پێویستە چالاکییەکانت بوەستێنیت.

٩- GPS

جی پی ئێس هەستەوەرێکە لە کاتژمێرە زیرەکەکەتدا کە یارمەتیت دەدات بۆ دیاریکردنی شوێن، وە بەدواداچوون بۆ ئەو مەودایە بکەیت کە بە ڕاکردن، پاسکیلسواری یان هەر شتێکی تر بەسەرت بردووە. هەروەها یارمەتیت دەدات بۆ گەشتکردن بۆ گەیشتن بە شوێنی مەبەست لە ڕێگەی هاوکاتکردنی لەگەڵ بەرنامەکانی مۆبایلە زیرەکەکەت.

چاوەڕوانی چی تر بکەین لە کاتژمێرە زیرەکەکانی داهاتوودا؟

بەم زووانە دەتوانین چەندین جۆری نوێ لە هەستەوەر لە کاتژمێرە زیرەکەکانماندا ببینین، وەک دیاریکردنی ئاستی شەکری خوێن. کە یارتمەتیدەرێکی زۆر گرنگ دەبێت بۆ ئاگاداربون لە تەندروستی مرۆڤ.

هەروەها لەوانەیە لە داهاتودا هەستەوەری رێژەی کهول لە کاتژمێرەکانماندا ببینین، کە بتوانێت ڕێژەی کهول لە خوێنمانا دیاری بکات.

تۆش پێشبینی چی دەکەیت لە کاتژمێرە زیرەکەکاندا لە داهاتوودا؟ لە خوارەوە لە کۆمێنت بینوسە.

هیوادارین توانیبێتمان وەڵامی چەند پرسیارێکمان دابیتەوە سەبارەت بە هەستەوەرەکانی ناو کاتژمێرە زیرەکەکەت، وە ئەم زانیارییانە بتوانێت یارمەتیت بدات لە هەڵبژاردنی کاتژمێری داهاتوتدا.

بیروڕاکان (0)