نوسینی دەست لێدان (تەچ تایپینگ) چییە؟ چۆن خۆم فێربکەم؟

نوسینی دەست لێدان (تەچ تایپینگ) چییە؟ چۆن خۆم فێربکەم؟

#نوسینی #دەست #لێدان #چییە

نوسینی دەست لێدان پێویستییەکی بنەڕەتییە لە سەردەمی دیجیتاڵیدا، بە تایبەتی بۆ نوسەرەکان، یان ئەو کەسانەی لە فەرمانگەکان کاری نوسینی کۆمپیوتەر دەکەن. ئەم تەکنیکە نەک هەر خێرایی تایپکردن زیاد دەکات بەڵکو یارمەتیدەرە لە باشترکردنی نوسین و کەمکردنەوەی هەڵەو کەمکردنەوەی فشار لەسەر پەنجە و مەچەک. با وردبینەوە لەوەی کە تایپکردنی دەست لێدان چییە و بۆچی پێویستییەکی گرنگە بۆ هەموو کەس.

 تێگەیشتن لە نوسینی دەست لێدان:

نوسینی دەست لێدان شێوازێکە بۆ تایپکردن کە نوسەر هەموو پەنجەکانی بەکاردەهێنێت، هەر دە پەنجەکەی بەشداردەبێت لە نوسین، بەبێ ئەوەی سەیری کیبۆرد بکات. ئامانج لێی دروستکردنی یادەوەری ماسولکەیە، کە ڕێگە بە پەنجەکان دەدات لە ڕێگەی نەستەوە کلیلی دروستی سەر کیبۆردەکە بدۆزیتەوە بەبێ ئەوەی سەیری کیبۆرد بکەیت. بە پێچەوانەی شێوازی تەقلیدی "دۆزینەوە و پەنجەپیانان"، نوسینی دەست لێدان بەرنامە داڕێژراوەو لە نەستی کەسەکەدا دەچەسپێت و خێرایی و وردبینی نوسین بەرەوپێش دەبات. تا دەگاتە ئەو ڕادەیەی بتوانیت لەیەک کاتدا بیربکەیتەوەو بنوسیت یان ئەوەی ئەیڵێیت بینوسیت، واتا پەنجەکانت فریای بیرکردنەوەکانت دەکەون.

پێکهاتە سەرەکییەکانی نوسینی دەست لێدان:

دانانی پەنجە بە شێوەیەکی دروست:

نوسینی دەست لێدان بریتییە لە دانانی هەر پەنجەیەک لەسەر کلیلی تایبەت بە خۆی، کە بە کلیلی ڕیزی ماڵەوە ناسراوە. ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ دامەزراندنی شوێنی دەستپێکردن بۆ پەنجەکان، دڵنیابوون لەوەی کە دەتوانن بە ئاسانی بگەنە کلیلەکانی تر بەبێ جووڵەی ناپێویست.

بەکارهێنانی هەموو پەنجەکان:

لە نوسینی دەست لێداندا هەموو پەنجەکان چالاکانە سەرقاڵی نوسینن. هەر پەنجەیەک بەرپرسە لە کۆمەڵە کلیلێکی دیاریکراو و لە ڕێگەی مەشقکردنەوە، نوسەران فێردەبن بەبێ ئەوەی سەیری کیبۆرد بکەن پەنجە بە کلیلەکاندا بنێن.

چاوت لەسەر شاشەکە بێت نەک کیبۆرد:

یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی نوسینی دەست لێدان هێشتنەوەی چاوە لەسەر شاشە نەک کیبۆرد. ئەمەش تەرکیز باشتر دەکات، هەڵەکان کەم دەکاتەوە و لە کۆتاییدا پرۆسەی تایپکردن خێراتر دەکات.

سوودەکانی نوسینی دەست لێدان:

زیادبوونی خێرایی نوسین:

بە شێوەیەکی گشتی نوسینی دەستلێدان دەتوانێت خێراییەکەت زیاد بکات بە ڕادەی ٦٠ ووشە لە خولەکێکدا. کەسانێکیش هەن کە توانیویانە چەندین ڕیکۆردی جیهانی بشکێنن.

کەمبوونەوەی فشار و ماندوێتی:

تایپکردنی دەست لێدان دۆخی تەندروستی لەش باشتر دەکات، کە فشار لەسەر پەنجە و دەست و مەچەک و شان و مل کەمدەکاتەوە. ئەمە بە تایبەتی گرنگە بۆ ئەو نوسەرانەی کە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن کار لەسەر کیبۆردەک دەکەن..

کەمکردنەوەی هەڵە:

بە مەشقی بەردەوام، تایپکردنی دەست لێدان دەبێتە هۆی باشترکردنی وردبینی و کەمکردنەوەی هەڵەی نوسین. چونکە بە مەشقی بەردەوام پەنجەکان خۆیان فێردەبن کە پێویستە کام پەنجە بۆ کام کلیل بەکاربێت، وە چیتر مێشکت سەرقاڵ نابێت بە دۆزینەوەی کلیلەکانەوە بەڵکو تۆ بیر دکەیتەوەو پەنجەکانت دەنوسن.

پوختە:

فێربونی نوسینی دەست لێدان دەکرێت توانایەکی نوێی بەنرخ بێت بۆ کۆمەڵەی تواناکانت و لەهەمان کاتدا دەتوانیت سیڤییەکەتی پێ بەهێز بکەیت. زیادبوونی خێرایی و کەمبوونەوەی فشار و باشتربوونی وردبینی نەک تەنها سوود بە ئەرکەکانی ڕۆژانەت دەگەیەنێت بەڵکو بەشدارە لە ئەزموونێکی ئاسوودەتر و کاراتر لە نوسین. بیر لەوە بکەرەوە کە مەشقی تایپکردنی دەستلێدان بخەیتە ناو ڕۆتینی ڕۆژانەتەوە بۆ ماوەی ١٥ خولەک ڕۆژانە لە ماوەیەکی کەمدا دەرئەنجامەکەی دەبینیت..

پرسیار، نوسینی دەستلێدان لەچییەوە هاتووە؟

نوسینی دەستلێدان یان تەچ تایپینگ (Touch typing) لە هەردوو کلیلەکانی (ف) وە (ژ) بە کوردی یان کلیلەکانی (F) وە (J)ەوە هاتوون لە سەر کیبۆردەکەت، ئەگەر بە سەری پەنجەکانی دۆشاومژەت دەستبدەیت لەو دوو کلیلە هەست بە هێلێکی کورتی بەرز دەکەیت کە لەسەر هیچ کلیلێکی تر نییە لەسەر کیبۆردەکەت، ئەمەش بەو مەبەستە دانراوە کە هەموو کات هەردوو پەنجەکانی دۆشاومژە لەسەر هەردوو دەستت بگەڕێنەوە سەر ئەو دوو کلیلە بەبێ ئەوەی سەیری کیبۆرد بکەیت، بە مانایەکی تر واتا پەنجەکانت هەستبکەن لە شوێنی خۆیانن بەبێ ئەوەی سەیری کیبۆردەکەت بکەیت.

بۆ فێربونی تەچ تایپینگ سەردانی tyanus.com بکە. لەگەڵ تەواوبونی هەر کۆرسێکدا بڕوانامەیەک وەردەگریت کە دەتوانیت سودی لێ وەرگریت و سیڤییەکەت بەهێزتربکەیت.

سەرنجەکان (0)