ئیمۆجی ئاڵای کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٢ دەرگای بەسەردا داخرا!

ئیمۆجی ئاڵای کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٢ دەرگای بەسەردا داخرا!

#ئیمۆجی #ئاڵای #کوردستان #ساڵی #٢٠٢٢ #دەرگای #بەسەردا #داخرا

 پێشەکی پێویستە ئەوە بڵێم کە من خۆم یەکێکم لەوانەی کاتی خۆی هەوڵی زیادکردنی ئیمۆجی ئاڵای کوردستانم داوەو پڕ بە دڵ پشگیری هەموو هەوڵێک ئەدەم کە خزمەتی کوردستان و زمانی کوردی بکات. بەڵام

نامەوێ بێ هیواتان بکەم، پێم ناخۆشە ئەم هەواڵەتان بەمێ، زیادکردنی ئیمۆجی ئاڵای کوردستان ئەستەمە. چونکە ڕێکخراوی یونیکۆد دەمێکە بڕیاری کۆتایی خۆی داوە کە نەک هەر ئاڵای کوردستان بەڵکو هیچ ئاڵایەکی تر بۆ ناو ئاڵاکانی ئیمۆجی زیاد ناکەن. ڕێکخراوی یونیکۆد ساڵی ٢٠٢٢ لە پۆستێکدا بە دوورو درێژی و زۆر بە ڕوونی هۆکاری بڕیاردان لە کۆتایی هێنان بە زیادکردنی ئاڵا (هەر ئاڵایەک) بێت نوسیوە و هەموو ئەو کێشانەی بە ڕوونی خستۆتە ڕوو کە هۆکارن بۆ ئەم بڕیارە و وە زیادکردنی ئیمۆجی ئاڵا هەر لە سەرەتاوە بە هەڵەیەک دەزانن کە بەسەریاندا تێپەڕیوە.

ئەوەی من ئاگادار بم لە ساڵانی ڕابردوودا چەندەها کەس چەندین هەوڵیانداوە بۆ زیادکردنی ئیمۆجی ئاڵای کوردستان. چونکە زیادکردنی ئیمۆجی بە تەنها بە کەسێک دەکرێت.

بۆ زیادکردنی ئیمۆجی تەنها پێویستت بە چەند هەنگاوێکە کە زۆر بە ڕوونی لەم پۆستەی رێکخراوی یونیکۆددا ڕونکراوەتەوە. کە تەنانەت لە ڕێنماییەکانی چۆنێتی زیادکردنی ئیمۆجی نوێدا دووبارە جەخت لەوە کراوەتەوە کە داواکاری زیادکردنی ئیمۆجی (ئاڵا) ڕاستەوخۆ ڕەت دەکرێتەوە.

هەنگاوەکان بە کوردی و بە کورتی:

١ - ئامادەکردنی بەڵگەنامەیەک کە ئەم ڕونکردنەوانەی تیابێت.

  • دڵنیابوونەوە لە نەبوونی ئیمۆجییەکە
  • سکان کردنی ئیمۆجییەکان بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەو ئەگەر لە ماوەی ٤ ساڵی ڕابردوودا ڕەتکرابێتەوە دووبارە وەرناگیرێتەوە.
  • هەموو ئیمۆجیی براندەکان و کەسایەتی ناسراو چەند شتێکی کە ڕاستەوخۆ ڕەت دەکرێتەوە. تەنانەت دووبارە لەم خاڵەدا جەخت لە ئیمۆجی (ئاڵا) کاروەتەوە کە ڕەت دەکرێتەوە.

ئەم خاڵانەی سەرەوەم زیاتر بەو مەبەستە نوسی کە لە ناو خاڵەکانیشدا جەخت لە ڕەتکردنەوەی داوای ئاڵا دەکرێتەوە نەک فێرکاری چۆنێتی دانانی ئیمۆجی. ئەگەر کەسێک مەبەستی بێت چۆن ئیمۆجی دادەنرێت دەتوانێت سەردانی لینکەکە بکات.

کۆدی ئایسۆ:

یەکێک لە مەرجەکان لە ڕابردوودا کە هەبوون پێش ئەوەی ڕێکخراوی یونیکۆد بە تەواوەت بڕیاری ڕەتکردنەوەی (داوای زیادکردنی ئیمۆجی ئاڵا) بدات هەبوونی کۆدی ISO بوو بۆ ووڵاتەکان یان هەرێمەکان. کە ئەمە یەکێک بوو لەو ڕێگرییانەی کە زۆربەی ئەوانەی داوای زیادکردنی ئاڵای کۆردستانیان دەکرد داواکەیان ڕەتدەکرایەوە جونکە هەرێمی کوردستان کۆدی ئایسۆی نەبوو.

هەڵبەت ئەوەی من ئاگادار بم کە لە نێوان ساڵانی ٢٠١٨ بۆ ٢٠٢٢ بە هەوڵی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێز (قوباد تاڵەبانی) کۆدی ئایسۆی هەرێمی کوردستان (IQ-KR) بەدەستهات، چونکە بەدەستهێنانی ئەم کۆدە لە ئاستی حکومەتدا دەکرێتو لە ئاستی تاکە کەسیدا بەدەستنایەت.

بەڵام ئەوەی جێی داخە کە لە کاتێکدا هەموو داواکارییەکانی ساڵانی ڕابردوو کە دەنێردران بۆ ڕێکخراوی یونیکۆد ڕەتدەکرانەوە بەهۆی ئەوەی کە ئاڵای هەرێمی کوردستان کۆدی ئایسۆی نییە. تەنها بە ماوەیەکی کەم دوای بەدەستهێنانی کۆدی ئایسۆی هەرێمی کوردستان ڕێکخراوی یونیکۆد بڕیاریدا کە چیتر داواکاری زیادکردنی ئاڵا وەرناگرێت و ئەو دەرگایەی بە تەواوی داخست. تەنانەت لە پۆستەکەدا ناوی کوردستان وەک نمونەیەک باسکراوە کە دەڵێت بەم دواییانە کۆدی ئایسۆیان بەدەستهێناوە بەڵام ناتوانین داواکانیان قبوڵ بکەین

هەڵبەت وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێدا هۆکارەکان زۆرن کە لە پۆستەکەی ڕێکخراوەکەدا ئاماژەی پێکراوە کە بۆچی چیتر داواکاری زیادکردنی ئاڵا وەرناگرن. هەربۆیە لە خوارەوە لینکی پۆستەکەتان بۆ دادەنێم بە کوردی کە لە ڕێگەی گووگڵ ترانسلەیتەوە وەرگێڕدراوە. بە داوای لێبوردنەوە چونکە پۆستەکە زۆر دورودرێژە کاتی زۆری پێویست بوو بۆ وەرگێڕان وە ئامانجەکەش تەنها ئەوەیە کە بزانن ئامانج لەم بڕیارە تەنیا ئاڵای کوردستان نییە بەڵکو تەنانەی ئەگەر ووڵاتێکی نوێش لەدایک ببێت ناتوانێت داوای ئیمۆجی بۆ ووڵاتەکەی بکات.

لە کۆتاییدا دەسخۆشیم بۆ هەموو ئەو هەوڵانە هەیە کە ئەدرێت بۆ هەر کارێک بێت خزمەتی کورد وکوردستان بکات. بەڵام ئەم کارانە پێویستی بە بەدواداچوونی وورد و زانستی هەیەو بە سۆشیال میدیا ناکرێت. 

پێشنیار ئەکەم لە بری ئاڵا هەوڵ بدەن چەند ئیمۆجییەک دروست بکرێت کە نمونەی تاکی کورد بێت وەک سەری مرۆڤێک بە جامانەیەکەوە, ئەگەر هەڵە نەبم عەرەب ئیمۆجی وایان هەیە.

سەرنجەکان (0)